مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ بارزانی جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا كردەوە

17-01-2025 02:34

پەرەگراف

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا كردەوە و دەبێت دانوستان لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافی گەلی كورد بپارێزێت".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی بە "جێگای دڵخۆشی" وەسف كردووە و لە ‏تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەشڵێت "هەروەها جەختمان لەوە كردەوە كە گرنگیی یەكێتیی كوردی ‏و ئارامیی ناوچەكە بەگشتی، بەرپرسیارێتیی هەموومانە و ئێمە پێكەوە هاوكار دەبین".‏

ئێوارەی دوێنێ‌ پێنجشەممە 16-01-2025، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە سەلاحەدین لە هەلێر پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد.

بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەكە بڵاو کردەوە و دەڵێت "لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".

بارەگای بارزانی دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت "لایەنە کوردییەکان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش، لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن".