بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى مەسعود بارزانى و  مەزڵوم عەبدی بڵاو کردەوە

16-01-2025 08:22

پەرەگراف

بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى نێوان مەسعود بارزانى و  مەزڵوم عەبدی بڵاو کردەوە و دەڵێت "لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت "بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش، لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن".

دەقى ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزلووم عەبدی  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.