بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی وزە سەركەوتوو نەبووە و دەمانەوێت بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوە ببەین

16-01-2025 08:21

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند "ئەو سیاسەتەی لە ڕابردوودا سەبارەت بە وزە پەیڕەو كراوە، سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لە داهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوە ببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان".

سەرۆكی یەكێتی ئەوەی بە هەڵوێستی حیزبەكەی ناو بردووە و دەشڵێت "لەو چوارچێوەیەدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین".

ئەم هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی لە كاتێكدایە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی هەمواركردنەوەی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمە لە یاسای بودجەدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەمریكاش پاڵپشتیی هەناردەكردنەوەی دەكات، هەرچەندە حكومەتی هەرێمیش هەمان سیاسەتی هەیە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر بودجە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا ئاڵۆزیی تێكەوتووە.

دەربارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمیش سەرۆكی یەكێتی دەڵێت "لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی ڕاستەقینە بنەماكەی بێت".

نوێ‌ دەكرێتەوە...