مەسعود بارزانى و مەزڵووم عەبدى لە هەولێر کۆبوونەوە

16-01-2025 04:49

پەرەگراف

ئەندامێکى مەکتەبى سیاسیى پارتى ئاشکراى دەکات کە مەسعود بارزانى و مەزڵووم عەبدى ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەتەوە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیى ئێکس بڵاوى کردەوە "ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر لەنێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا، دەستكەوتێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزیی كورد و ئینتقالی ئاشتيیانەی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاوە لە دیمەشق".

هۆشیار زێبارى سوپاسى "هاوپەیمان و دۆستەكان" دەکات، کە دیارە ڕۆڵیان لە ڕێکخستن و بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکەدا هەبووە.

ئەم کۆبوونەوەى نێوان بارزانى و عەبدى، پاش ئەوە هات کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر مەسعود بارزانى نوێنەرى خۆى ناردە ڕۆژئاواى کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەسەدە و سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە).

حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە و تاوتوێی "پتەوکردنی یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی هەسەدە و ئەنەکەسە" کرا.

پێشتریش لە ڕۆژی ٨-١-٢٠٢٥، مەسعود بارزانى لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد و جەختی لە "پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگ لە سووریا" کردەوە.

بارەگاى بارزانى وتی "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا، هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا".

هەروەها بارزانى داواى "ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتییانە"ـى کرد.

فشارەکان بۆ یەکگرتوویی کورد لە کاتێکدایە کە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا بەردەوامن و هێشتا لایەنە کوردییەکان ناتەبان و زۆرجار ئەم ناتەباییە وەک بەربەستێک لە بەردەم گەیشتن بە مافی کورد دەبینرێت.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش، مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا بۆ لایەنە کوردییەکانی سووریا وتی "ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، پێویستییەکی مێژووییە و وەڵامدەرەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناغەیە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتیشی "هیوادارین هەموو لایەنە کوردییەکان خۆیان لە بەرژەوەندیی حیزبی بەدوور بگرن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەدەم ئەو داوایانەوە بچن کە بۆ گفتوگۆ و یەکهەڵوێستی هەن".

عەبدی داواش دەکات، هەموو لایەک خەبات بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردان بکەن تا بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و بەشدار بن لە داهاتووی سووریایەکی دیموکراسی و هەمەڕەنگ.