خۆپیشاندەرانى خەلەکان ڕێگاکەیان کردەوە، 'فشارەکانمان سەرى گرت و داواکارییەکانمان جێبەجێ کران'
پەرەگراف
پاش جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، دانیشتوانى ناحیەى خەلەکان کۆتاییان بە خۆپیشاندان و داخستنى ڕێگاى سەرەکیى ڕانیە - دوکان هێنا. قائیمقامى دوکان دەڵێت "بەڵێن بە دانیشتووانى خەلەکان دەدەم پایەندین بەو بەڵێنانەى داومانە".
سیروان لالە سەرحەد، قائیمقامى قەزاى دوکان، لە گۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "١٠ ڕۆژە دانیشتوانى ناحیە و دۆڵى خەلەکان خۆپیشاندانیان کردووە بۆ جووتسایدکردنى ڕێگاى خەلەکان - ڕانیە و کێشەى کارەبا، پاش گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک خاڵ ڕێککەوتین و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت".
قائیمقامى دوکان وتيشى "لەوانە بمانتوانییانە بە هەندێک ڕێکارى دیکە ڕێگاکە بکەینەوە، بەڵام گوێگرتن و گفتوگۆکان پێ باشتر بووە. ئەگەر ١٠٠ کاتژمێر لەگەڵ خۆپیشاندەران گفتوگۆ بکەین، باشترە لەوەى پەنجەى کارمەندێکى ئەمنى یان خۆپیشاندەرێک خوێنى لێ بێت".
سەبارەت بە کاردانەوەى توندى بەشێک لە خۆپیشاندەران، سیروان لالە سەرحەد وتى "ئەگەر قسەیەکیش کرابێت و ڕەخنە لە دەسەڵات گیرابێت، لە دڵسۆزییەوە بووە بۆ یەکێتى، ماڵى مام جەلال و کوڕەکانى خەمخۆرى ئەم وڵاتەن و ئەو ئازادییەى هەیە لە سایەى ماڵى مام جەلال و کوڕەکانى مام جەلال و یەکێتییەوەیە.
نوێنەرى خۆپیشاندەرانى خەلەکانیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بڕیارى کردنەوەى ڕێگاکەى ڕاگەیاند و وتى "فشارەکانمان شوێنى خۆى گرت. هەر لە شەوى ڕابردووەوە کارەباکەمان تا ڕادەیەکى زۆر باش بووە، پەیوەندیشمان بە کۆمپانیاى جێبەجێکارەوە کرد وتیان بەدڵنیاییەوە دەست بە کار دەکەینەوە و ڕێگاکە تەواو دەکەین".
سەبارەت بە داواکاریى خۆپیشاندەرانى ناحیەى بنگردیش کە ڕێگاى نێوان ئیدارەى ڕاپەڕین و دوکانیان داخستووە، قائیمقامى دوکان وتى "بەر لە خۆپیشاندانەکان ڕەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیران وەرگیراوە بۆ نۆژەندرکردنەوەى بنگرد - ئیدارەى ڕاپەرێن - دوکان، هەروەها کارەباى ئەوانیش لەگەڵ خەلەکان و ناوچەکانى دیکە وەکوو یەک دەبێت".