حکومەتى هەرێم: لیستى مووچە بۆ بەغدا دەنێرین و ئامادەین بە مەرج داهاتى ناوخۆ ڕادەست بکەین

16-01-2025 01:54

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە نەناردنی لیستی مووچەی مانگی یەك دەكەن تا بەغدا مووچەی مانگی 12 دەنێرێت و دەڵێت "هیچ بیانوویەك نادەین بەدەستەوە و ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات لیستی مووچەی مانگی یەكیش بنێردرێت". پێشەوا هەورامانی سەبارەت ناردنی شاند بۆ بەغدا ڕایگەیاند "هیچ بڕیارێك نییە بەمنزیكانە شاندی هەرێم بچێتە بەغدا". دەشڵێت "ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەست بكەین و نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێت، بەو مەرجەی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، نەك تەنیا مووچە".

لەسەر بانگهێشتی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەنێوان شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری نێردە دیبلۆماسییەكان لە هەرێم، بەڕێوە چوو. گفتوگۆ دەربارەی كێشەی مووچە و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە كراوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە حكومەتی هەرێم، بۆ میدیاكان وتی "لە كۆبوونەوەكەدا شیكردنەوەی تەواو لەلایەن شاندی داونوستانكاری هەرێم و وەزیرە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە كێشەی مووچە خرایە ڕوو، بەئامانجی ئەوەی نێردە دیبلۆماسییەكان هاوكار بن لە گەیشتنی هەرێم و بەغدا بە چارەسەری گونجاو".

سەفید دزەیی وتیشی "مووچە كراوە بە كارتێكی سیاسی لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەو بابەتانەی ڕێككەوتنیان لەبارەوە كراوە، جیبەجێ‌ نەكراون". وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیی هەمیشەیی هەرێم بۆ گفتوگۆ" جەختی لێ‌ كرایەوە.

هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، وتی "لە پاڵ زمانی ژمارە و داتا، پەیامی سیاسیی هەرێمش خرایە ڕوو".

"سەرۆكوەیرانی هەرێم لە دوایین كۆبوونەوەدا ڕایگەیاند كە ئەم دۆخەی ئێستا ئیتر قابیلی قبووڵكردن نییە. بە نوێنەرانی وڵاتانمان وت كە پێویستە هەڵوێستیان هەبێت لەسەر ئەوەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ڕوو دەدات"، پێشەوا هەورامانی وای وت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی "ناسەقامگیرییەك لە ناوچەكەدا هەیە و هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری ئارامی بووە، ئێمە نامانەوێت ئەو بابەتە ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە عێراقدا تێك بچێت".