ئەمەریکا داوای خێرا پەسەندکردنی هەمواری بودجەی عێراق دەکات بە ئامانجی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
ئەمەریکا داوای خێرا پەسەندکردنی هەمواری بودجەی عێراق دەکات بە ئامانجی تەرخانکردنی پارە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. ئێمە پێداچوونەوەی بودجەمان لەم هەفتەیەدا بینیوە و داوای خێراکردنی پەسندکردنی دەکەین".
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، میلەر وتی "هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەین پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر".
بڕیارە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجە بکات بە ئامانجی زیادکردنی پارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەی نەوت.
مانگی 11ی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پەسەند كرد کە لەڕێی هەمواری مادەی 12 لە یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار زیاد بکرێت.
د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، خاڵەکانی پێشنیاری هەمواری یاساکەی بڵاوکردەوەو تێیدا باسلەوە کراوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە لە تەرخانکراوی خەرجییە سەروەرییەکان لە بودجە عێراق پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها نەوتی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەکرێت بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتیەکان لە ڕێگای بەندەری جەیهان و داهاتەکەی دەبێتە داهاتی گشتی خەزێنەی فیدڕاڵیی.
لە خاڵێکی دیکەی پێشنیاری هەموارەکەدا هاتووە "پێویستە تێچووی دادپەروەرانەی (تعويض عادل) خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت ئەویش لەلایەن دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی تایبەتمەندەوە دەستنیشان دەکرێت، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم دیاری دەکات، لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە دیاری دەکات".
تاوەکو دیاریکردنی تێچووی نەوتی هەرێم لە لایەن ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە، بە تێکڕای ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەدرێت بە هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 25ی ئازاری 2023 وەستاوە، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا.
گرفتێکی سەرەکیی بەردەم هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، دەیەوێت ئەو پارەیە کەم بکاتەوە کە هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەری ڕێککەوتوون بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ئەوەش پێشنیاری جیاواز هەیەو هێشتا نەیتوانیوە کۆمپانیاکان ڕازیی بکات.