عێراق گرێبەستەکەی دەربارەی نەوتی كەركووك واژوو كرد كە هەرێم لەبارەیەوە نیگەرانە؛ هەنگاوى مەترسیدارتریش بەڕێوەیە

15-01-2025 02:10

پەرەگراف

عێراق ئەو گرێبەستەی دەربارەی نەوتی كەركووك و دەوروبەری واژوو كرد كە حكومەتی هەرێم لەبارەیەوە نیگەرانى دەربڕیبوو. گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى توانای كێڵگە نەوتییەكانی ئەو ناوچەیە و پێشتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "دەبێت بە هاوبەشی بێت"، بەڵام ڕەت كرایەوە. پەرلەمانتارێك دەڵێت "بەغدا سكاڵای بۆ وەرگرتنەوەی سێ گەورەترین كێڵگە (خورمەڵە، هەڤانا و كۆرمۆر)یش جووڵاندووە، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، لە هەرێم شتێك بە ناوی نەوت و غاز نامێنی".

ئەمڕۆ 15-01-2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP)ـی بەریتانی واژوو كراوە، سەبارەت بە بەرنامەی هەڵسەنگاندنی سەرلەنوێ پێشخستنی تەواوەتی بۆ كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و دەوروبەری".

یاداشتەكە دوێنێ‌ سێشەممە لە لەندەن بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لەنێوان عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور و زەید یاسری، نوێنەری كۆمپانیای بیرتیش پترۆلیۆم واژوو كراوە.

بەپێی گرێبەستەكە، كۆمپانیای بیرتیش پترۆلیۆمی بەریتانی كار لە چوار كێلگەی نەوتی كەركووك و دەورەبەری دەكات بۆ پێشخستن و پەرەپێدانیان، لەپێناو "زیادكردنی بەرهەم و گەیشتن بە باشترین تێكڕاكانی بەرهەمهێنان لە نەوت و غاز".

ئەم گرێبەستە لە چوارچێوەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ لەندەن واژوو كراوە. گرێبەستەكە حكومەتی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە و ڕۆژێک بەر لە سەردانەوەی سوودانی، حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە.

درەنگانێكی شەوی 11 لەسەر 12ـی ئەم مانگە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكات ‏گرێبەستی ‏نەوت و گاز واژۆ بكات، بەبێ ئەوەی ماددەكانی دەستوور بەگشتی و بەتایبەت ‏هەردوو مادەی 140 و 112 لەبەرچاو بگرێت، دەیەوێت تاکلایانە نەوت و گازی كەركووك و ناوچەكانی دەوربەری ببات".‏

حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەردوو ماددەی 110 و 115ـی دەستووری عێراق بۆ ‏ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاكلایانە بە حكومەتی هەرێم دەدات كێڵگە نەوت و گازە ‏تازە دۆزراوەكان بەڕێوە ببات. هەروەها ماددەی 112 دەڵێت: حكومەتی فیدڕاڵی و ‏حكومەتی هەرێم كێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەكان (كۆنەكان) بە هاوبەشی ‏بەڕێوە ببەن، وەك ئەوانەی لە كەركووك و لە ناوچەكانی دەوروبەری هەن".‏

هاوکات نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەردانى بەغداى کرد و ڕۆژى 13-01-2025 کە هەمان ڕۆژى سەردانەکەى سوودانى بۆ لەندەن بوو، زنجیرەیەک کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى عێراق و حیزبەکان ئەنجام دا. سەرۆکى هەرێم 15 کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان سەبارەت بە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام دا.

پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر قسەی بۆ ‏ژمارەیەك لە میدیاكان كرد وسەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووک وتی "نەوتی كەركووك هی ‏حكومەتی فیدراڵە".‏

لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیاری دەربارەی داواكاریی حكومەتی ‏هەرێم كرد بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوتی كەركووك بە هاوبەشی، هادی ‏عامری وتی "با ئەو بابەتە لەبیر بكەن. بە دڵنیاییەوە ڕێگە بەوە نادرێت".‏

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، مەترسییەكی دیكە لەسەر كێڵگە غازی و نەوتییەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە "بەڵگە"ـی لایە بەغدا "سكاڵای یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی سێ گەورەترین كێڵگە (خورمەڵە، هەڤانا و كۆرمۆر) جووڵاندوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، شتێك بە ناوی نەوت و غاز لە هەرێم نامێنی".

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵا كوردستان24 دەربارەی بوونی مەترسیی وەرگرتنەوەی كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە هەرێم، وتی "نەوتی هەرێم لە هەموو كێڵگە نەوتییەكان یەك چارەنووسیان هەیە. دەبێت بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. ئەوەی بە هاوبەشی بێت، بە هاوبەشی دەبێت و ئەوەی مافی هەرێم بێت، مافی هەرێم دەبێت".