ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا بەشداریدەکات لە ئۆپەراسیۆن دژی قاچاخچێتی بە مرۆڤ لە کوردستان
پەرەگراف
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا(NCA) و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سێ کەس لە سلێمانی دەستگیرکران بە تۆمەتی قاچاخچێتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی، ئۆپەراسیۆنەکە لە نێوان 8بۆ12ی ئەم مانگە ئەنجامدراوەو تێیدا ئەو تۆڕەی قاچاخچێتی دەستگیر کراون و کە "بە ڕێگەی نایاسایی کۆچبەریان گواستووەتەوە بۆ بەریتانیاو ئەوروپا"، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
ئەوە یەکەمجارە ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بەشداری بکات لە ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە پرسێکی گەرمە لە بەریتانیاو بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان تیمێکی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە.
حکومەتی بەریتانیا مانگی 11/ی 2024 ڕێککەوتنێکی ئەمنیی مێژوویی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان، زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات لە پێناو ڕێگری لە کۆچبەران بۆ گەیشتن بەو وڵاتە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، بەریتانیا 300 هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنوور دەداتە عێراق و 200 هەزار پاوەند بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەداتە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بۆ پەرەگرافی نارد، ڕێککەوتنە دەستپێکردنی هەڵمەتی پەیوەندی پتەوترە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیاری و ئەفسانە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە. هەڵمەتە پلان بۆ داڕێژراوەکە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست دەدات کە لەلایەن باندە تاوانکارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک کە ئەو گەشتە مەترسیدارە ئەنجام دەدەن، لەنێویاندا گێڕانەوەی چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی باندەکانی قاچاخچێتی".
ئەوە یەکەم ڕێککەوتنی ئەمنییە لەسەر ئاستی جیهان بە ئامانجی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی سێ ڕۆژەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بوو بۆ عێراق.
ئەو ٣٠٠ هەزار پاوەندەی بەریتانیا دەیدات بە عێراق بۆ ڕاهێنانی پاراستنی سنوورە کە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی کۆچبەری ڕێکخراو و ماددەی هۆشبەر دەدەن.
هاوکات ٢٠٠ هەزار پاوەندەکەی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیە کە تواناکان سەبارەت بە ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان بەرز دەکەنەوە.
کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە
ئەوکەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپاو پاشان بەریتانیا، سەرەتا بە ڤیزە دەچنە تورکیا، پاش چەند شەوێک مانەوە، قاچاخچییەکان دەیانخەنە یەختەوەو بە ئاوی پڕمەترسیی دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئیتاڵیا ڕەوانەیان دەکەن، زۆرترین قوربانییەکان لەو ئاوەدایە کە هەزاران کۆچبەری تێدا خنکاون و زۆرێکیش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
بەپێی پڕۆژەی کۆچبەرانی ونبووی ڕێکخراوی نێودەوڵەت کۆچ، ژمارەی ساڵانەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە ٢٠٤٨ کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بەزربووەتەوە بۆ ٢٤١١ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر بەرزبووەتەوەو تەنها ئەو ساڵە ئامارەکە بووە بە ٣٠٤١ کەس.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت بەریتانیا کردووە کە 43یان لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ڕۆژی ٨-٨-٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە کۆچ کردن و قوربانییان بەرکەوتووە، وتی ''لەو پێنج هەزار کۆچبەرە، لانیکەم هەزار و 200 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن".
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە، وتیشی ''بەشێکیش بووەتە دیاردە و چاولێکەری، ئەگەرنا هەموویان باش دەزانن وڵاتانی ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە".
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و قسەکردن لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن دوو پاڵنەری سەرەکییان هەیە؛ یەکەم دۆخی ئابوری و پارە پەیداکردن، دووەم هاوڕێیان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا هەیەو ئەوە وایکردووە حەزێکی زۆریان لادروست ببێت بۆ کۆچکردن.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوێكی دیاری پەنابەران، لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە نیوملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە، هەرلەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە یاخود بێسەروشوێن بوون.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە ڕێكخراوێكی دیاری پەیوەست بە كاری پەنابەرانە لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "649 هەزار و 273 هاووڵاتیی عێراقی لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2021، داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەشی وڵاتانی جیهان كردووە. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 296 كۆچبەری عێراقی گیانیان لەدەست داوە و 216ی دیكە بێسەروشوێن بوون".