پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و كییەر ستامەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ژمارەك ڕێككەوتنی ئابووری و بارزرگانی و ستراتیژییان بە بەهای 12 ملیار و 300 ملیۆن پاوەند واژوو كرد كە بە "ڕێككەوتنی هاوبەشی و هاوكاریی مێژوویی" وەسفی دەكەن. هەروەها لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچی نایاسایی و دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەش ڕێككەوتن كە مافی مانەوە لە بەریتانیایان نییە.
سوودانی كە ماوەی دوو ڕۆژە بە سەردانێكی فەرمی و بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا لە بەریتانیایە، ئەمڕۆ بەر لە كۆبوونەوە لەگەڵ ستامەر، لەگەڵ شا جارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا و پاشانیش لەگەڵ كۆمپانیای ستێلار ئینێرژی كۆبووەوە.
لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان هەردوو سەرۆكوەیرانی عێراق و بەریتانیادا هاتووە "ئەم سەردانە پابەندبوونی عێراق و شانشینی یەكگرتوو دووپات دەكاتەوە بۆ پێكەوەكاركردن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشە ناوچەیی و جیهانییەكان"، هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە "بازرگانی و وەبەرهێنانەكان، قووڵكردنەوەی پەیوەندییە پەروەردەیی و كولتوورییەكان، چارەسەركردنی ئاستەنگەكانی ئاسایش و كۆچ و گۆڕانی كەشوهەوا".
"پرۆژەكانی هێڵی ئاسنی، پرۆژەی ئاو، باشكردنی كوالێتیی ئاودێریی زەوییە كشتوكاڵییەكان، دابینكردنی ئاوی پاك بۆ باشوور و ڕۆژئاوای عێراق و پرۆژەی ئاوی بەسرە، بەستنەوەی تۆڕی كارەبای نێوان عێراق و سعودیە پێكەوە، بەهێزكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و دانانی تۆڕی 5G، لابردنی مین، نۆژەنكردنەوەی بنكەی ئاسمانیی گەیارە، دابینكردنی ئامێری پەیوەندی، تەكنەلۆژیای سنوورەكان" و چەندین پرۆژەی دیكە، لەو پرۆژانەن كە بڕیارە كۆمپانیا بەریتانییەكان لە عێراق ئەنجامیان بدەن.
سەبارەت بە كۆچبەران، هەردوو سەرۆكوەزیران جەختیان كردووەتەوە كە پابەندن هاوكاری لە بواری كۆچبەری لەنێوان عێراق و بەریتانیا بەهێز بكەن، كە گرنگییەكی قووڵی ستراتیژیی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی كۆچی ناڕێكخراودا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوانیان، سوودانی و ستامەر ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی "بە زووترین كات" ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی كە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە، دیپۆرت بكرێنەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە كە ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای سەردانی ئەم دواییانەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ عێراق بووە. كە لە سەردانەكەدا ڕێككەوتن كراوە لەسەر بەهێزكردنی ئاسایشی سنوور، بەشێوەیەك كە بەریتانیا هاوكار بێت لە دەركردنی یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندەكانی تاوانی ڕێكخراو كە قاچاخی بە مرۆڤەوە دەكەن.
"پێویستە ڕێگە لە قاچاخیكردن بە مرۆڤەوە بگیرێت، كە ژیانی خەڵكێكی زۆریان خستووەتە مەترسییەوە، بەهێزكردنی ئاسایشی سنووریش بەشێكی سەرەكیی هەوڵەكانە"، هەردوو سەرۆكوەزیران وا دەڵێن.
هەرچەندە باس لە هیچ ڕێككەوتنێكی نوێ لە بواری وزەدا نەكراوە، بەڵام سوودانی و ستامەر ستایشی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم دەكەن، كە بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە كۆمپانیاكە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە عێراقدا دەكات.