پەرەگراف
هادی عامری داواكاریی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی نەوتی كەركووك بە هاوبەشی ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "نەوتی كەركووك هی حكومەتی فیدراڵە و لەبیری بكەن".
شەوی ڕابردوو پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی بەدر قسەی بۆ ژمارەیەك لە میدیاكان كرد.
عامری وتی "بەپێی یاسای بودجەی 2023 , 2024 و 2025 دەبێت هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە بكات و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ".
سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوویش وتی "نەوتی كەركووك هی حكومەتی فیدراڵە".
لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیاری دەربارەی داواكاریی حكومەتی هەرێم كرد بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوتی كەركووك بە هاوبەشی، هادی عامری وتی "با ئەو بابەتە لەبیر بكەن. بە دڵنیاییەوە ڕێگە بەوە نادرێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت بەشداری بەوان دەكەین. بەڵام ڕێگە بەوە نادەین و نەوتی كەركووك موڵكی حكومەتی فدیراڵە".
درەنگانێكی شەوی 11 لەسەر 12ـی ئەم مانگە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "حكومەتی عێراق ئامادەكاری دەكات بە شێوەیەكی تاكلایانە، نەوت و گازی كەركووك و ناوچەكانی دەورەبەری ببات".
حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەردوو ماددەی 110 و 115ـی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاكلایانە بە حكومەتی هەرێم دەدات كێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەكان بەڕێوە ببات. هەروەها ماددەی 112 دەڵێت: حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم كێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەكان (كۆنەكان) بە هاوبەشی بەڕێوە ببەن، وەك ئەوانەی لە كەركووك و لە ناوچەكانی دەوروبەری هەن".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئێستا حكومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بكات، "بەبێ ئەوەی ماددەكانی دەستوور بەگشتی و بەتایبەت هەردوو مادەی 140 و 112 لەبەرچاو بگرێت".
حكومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی ناو دەبات كە "بە هەموو ڕێكارە جیاوازەكان كە دەستەبەر بێت"، بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی بكات.