مەزڵوم عەبدی و نوێنەری بارزانی تاوتوێی پتەوکردنی یەکڕیزیی کورد لە سوریا دەکەن

13-01-2025 05:50

 پەرەگراف

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حەمید دەربەندی نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی پتەوکردنی یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندییەکانی هەسەدە و ئەنەکەسە کرا.

بارزانی ئەمڕۆ نوێنەری خۆی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و سەرکردایەتی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا(ئەنەکەسە).

ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی ٨-١-٢٠٢٥، مەسعود بارزانى لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد و جەختی لە "پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگ لە سووریا" کردەوە.

بارەگاى بارزانى وتی "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا، هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا".

هەروەها بارزانى داواى "ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتییانە"ـى کرد.

فشارەکان بۆ یەکگرتوویی کورد لە کاتێکدایە کە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا بەردەوامن و هێشتا لایەنە کوردییەکان ناتەبان و زۆرجار ئەم ناتەباییە وەک بەربەستێک لە بەردەم گەیشتن بە مافی کورد دەبینرێت.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش، مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا بۆ لایەنە کوردییەکانی سوریا وتی "ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانیی کوردی لە سوریا پێویستییەکی مێژووییەو وەڵامدەرەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناغەیە".

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هیوادارین هەموو لایەنە کوردییەکان خۆیان لە بەرژەوەندیی حیزبیی بە دوور بگرن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەدەم ئەو داوایانەوە بچن کە بۆ گفتوگۆ و یەکهەڵوێستی هەن.

عەبدی داواش دەکات، هەموو لایەک خەبات بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردان بکەن تا بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریاو بەشداربن لە داهاتووی سوریایەکی دیموکراسی و هەمەڕەنگ.