پەرلەمانی عێراق دوو ساڵ تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی درێژ کردەوە

13-01-2025 05:14

پەرەگراف

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

بەوپێیەش ئەندامانی ئێستای ئەنجوومەنەکە تا 06-01-2027 لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.

ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەیە بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا.

پەرلەمانی عێراق لە ٢٢-٥-٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ تا 7-1-2025 پەسەند کرد، ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەبوو بتوانێت هەڵبژاردنی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

لە ١٠-١٠-٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لە ٩-١-٢٠٢٢ خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەکاربوو، بەپێی دەستور ٤٥ ڕۆژ بەرلە تەواوبوونی ٤ ساڵی خولی پەرلەمانیی پێویستە هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، واتە ٤٥ ڕۆژ بەرلە ٩-١-٢٠٢٦ پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەم بکرێت.