پەرەگراف
لە كۆبوونەوەی نێوان سوودانی و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆ دەربارەی "باشترین ڕێگەكان بۆ ڕێكخستنی پابەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان" كراوە، هەروەها سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "جەخت لە پشتگیریكردنی حكومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كرایەوە".
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13-101-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەكانی سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە كرا، هەروەها جەخت لە پێویستیی پشتگیریكردنی حكومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومی كرایەوە، بە شێوەیەك كە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەكانی هاووڵاتییان لە سەرانسەری وڵات بكات".
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ بووە لەسەر "پرسە خزمەتگوزارییەكانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كرا و باشترین ڕێگەكان بۆ ڕێكخستنی پابەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی بنەماكانی دەستوور و یاسا".
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكاندا كردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان و لابردنی سەختییەكان لە وڵات، بە شێوەیەك كە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بەدی بهێنێت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی نیشتمانی بەهێز بكات".