ڕاگەیەندراوى سەرۆکایەتیى هەرێم دەربارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت
پەرەگراف
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا جەخت كرایەوە كە "هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا نییە"، ئەوەی هەیە "پرسە تەكنیكییەكانە كە ئەوەش دەكرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە".
ئەمشەو لە بەغدا كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوە چوو. سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ستایشی ڕۆڵی سەرۆكوەزیران سوودانیی كرد كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا كاری كردووە بۆ لێكگەیشتنی هەولێر ـ بەغدا".
دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2025/1/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای گەییشتنی بە بەغدا، بەشداریی لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا كرد كە بە ئامادەبوونی بەڕێزان محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و د. مەحموود ئەلمەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، وێڕای جەختكردنەوە لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ستایشی رۆڵی بەڕێز سەرۆكوەزیران سوودانی كرد كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا كاری كردووە بۆ لێكگەیشتنی هەولێر ـ بەغدا و هیوای خواست هەموو پرسەكان بە گفتوگۆ، چارەسەر بكرێن. هەر لەمبارەیەوە بڕیارە هەردوولا سبەی كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن.
هەروەها بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، روانگە و كار و رۆڵی سەرۆكوەزیران بەڕێز سوودانی بۆ برەودان بە پێگەی عێراق و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، بەرز نرخاند.
لە كۆبوونەوەنەكەدا، جەخت لە پێویستیی پشتگیریی هەموو لایەنەكان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لە هەموو بوارەكاندا كرایەوە، هەروەها پشتگیری لە چاكسازییە دارایی و ئابوورییەكانی حكومەت كرا، جەختیش كرایەوە كە هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا نییە، جگە لە پرسە تەكنیكییەكان، ئەوەش دەكرێت لە رێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هاوپەیمانییەكە داوای كرد عێراق بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و رووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا بكات كە بەرژەوەندیی عێراق بپارێزێت و لە ململانێ و قەیرانەكان بەدووری بگرێت، هەروەها باس لە دۆخی سووریا كرا و ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیری لە گەلی سووریا دووپات كرایەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانە فەرمییەكانی بەڕێز سەرۆكوەزیران سوودانی بۆ كۆمەڵێك وڵاتی دۆست و چەند پرسێكی دیكە، تاوتوێ كران.