پەرەگراف
حکومەتى هەرێم ژمارەیەک بڕیارى بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێر و دهۆک و سزادانى سەرپێچیکاران دەرکرد. وتەبێژى حکومەت دەڵێت "بڕیارەکان لە ٢٤ کاتژمێردا جێبەجێ دەکرێن و دەرفەت بە هیچ کۆمپانیا و شوێنێک نادرێت دواى بخات، دەبێت شوێنەکەى دابخات تا خۆى لەگەڵ ستانداردەکان دەگونجێنێت".
کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیى مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و ئامادەیى وەزیرانى ناوخۆ و شارەوانى، هەروەها سەرۆکى دەستەى ژینگە و پارێزگارەکانی هەولێر و دهۆک بەڕێوەچوو.
پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێم، ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیار دەرکران بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێن بۆ پاراستنى ژینگە و سزادانى سەرپێچیکاران. لە ٢٤ کاتژمێرى داهاتوودا ڕێکارەکان دەگیرێنە بەر".
پێشەوا هەورامانى وتى "لە ڕێگەى پارێزگارەکانەوە ڕێکار بەرانبەر ئەو شوێنانە دەگرێـتە بەر کە سەوزە بە ئاوى پیس و ئاوەڕۆکان ئاو دەدەن، ڕێگە نادرێت ئاوى پیس بۆ سەوزە بەکار بهێنرێت".
هەرەها ڕێکار بەرانبەر کارگەکان دەگیرێتە بەر و "دەبێت کارگەکان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ستانداردى جیهانیدا".
یەکێک لەو ڕێکارانەى دەگیرێتە بەر، دژى ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە مەرجى ژینگەییان تێدا نییە، وتەبێژى حکومەت وتى "سزا و ڕێکارەکان دژى ئەو ئۆتۆمبێلانە توندتر دەکرێن".
هەروەها بابەتێکی دیکە کە وتەبێژى حکومەت باسى کرد، دەرهێنانى (بەردى ئەگزۆز)ـى ئۆتۆمبێلە لەلایەن هەندێک کەسەوە و وتى "هەندێک لەو کەسانەى ئۆتۆمبێل دەفرۆشن، دەچن ئەو بەردە دەردەهێنن و بەجیا دەیفرۆشنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو ئۆتۆمبێلە ژینگە پیس بکات. بۆیە هەر کەسێک ئەو کارەى کردبێت و بیکات، توندترین سزا دەدرێت".
هەر لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا بڕیار دراوە لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ پشکنینى موەلیدەى ماڵان و بازاڕ و کۆمپانیاکان، تا بزانن مەرجە ژینگەییەکانیان پەیڕەو دەکەن. هەروەها چاودێریى کوالێتیى بەنزین دەکرێت.
سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەکان، وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە وەڵامى ڕۆژنامەنووساندا وتى "دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ستانداردەکان بۆ پاراستنى ژینگە". وتيشى "سەرۆکى حکومەت دەڵێت: من لە ناوچەیەکدا ژیاوم کە بابەتى ژینگە لە لام عەقیدەیە، بۆیە هیچ چاوپۆشییەک لەو کەسانە ناکات کە هۆکار بن بۆ پیسکردنى ژینگە".