شاسوار عەبدولواحید: نەوەى نوێ هێزێکى کاریگەرە و وڵاتان بە گرنگییەوە لێى دەڕوانن

11-01-2025 08:08

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەى کە بەهۆى سەردانەکەى بۆ تورکیا لێى دەگیرێت، دەڵێت "تورکیا وڵاتێکى زۆر زۆر موهیمە لە ناوچەکەدا و لە داهاتووشدا سەردانى دەکەمەوە، بەڵام ئێمە نە جاشایەتى بۆ وڵاتان دەکەین و نە کەس دەکوژین". دەشڵێت "نەوەى نوێ ١٥ کورسیى هەیە و یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکانى هەرێمى كوردستان، وڵاتان بە گرنگییەوە لێى دەڕوانن".

سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە پەیامێکى ڤیدیۆییدا کە ئەمشەو بڵاوى کردەوە، وتیشى "پێشتر دوو جار سەردانى ئێرانم کردووە، سەردانى وڵاتانى ڕۆژئاوا و ئەمریکام کردووە. ئێمە خۆمان بە بەدیلى پارتى و یەکێتى دەزانین و چاک دەزانم ئەم دوو حیزبە کوێیان دێشێت".

"ئێمە هێزێکى مەدەنین، نە هێزى چەکدارمان هەیە، نە دەزگاى زانیارى و پاراستن، نە دەتوانین خەڵکیان بۆ بکوژین و نە دەتوانین بە جى پى ئێس زانیارى بدەین بە وڵاتانى تر و کورد بدەین بە کوشت"، شاسوار عەبدولواحید واى وت.

ڕۆژى ٧-٠١-٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێنەیەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و نوح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیاى لە ئەنقەرە بڵاو کردەوە کە کۆبووبوونەوە. هەمان ڕۆژیش مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانى تورکیاى کرد و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

بەهۆى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان و مامەڵەى خراپى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە لەگەڵ کورد، شاسوار عەبدولواحید لەسەر ئەو سەردانەى ڕووبەڕووى ڕەخنە بووەوە. ئەمە جگە لەوەى کە هەندێک لە شرۆڤەکارانى سیاسى ئەو سەردانە هاوکاتەى شاسوار عەبدولواحید و مەسروور بارزانى بۆ ئەنقەرە، بە پرسى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمەوە دەبەستنەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی 19-12-2024، سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، لە ئەنقەرە لەگەڵ نوح یڵماز، جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ جووڵەی ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە کورد و هەرێم، لەوانە دۆسیەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەروەها هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە و پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم.