قسەى نوێى وەزیرى دارایى عێراق لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمەوە چییە؟

11-01-2025 07:00

پەرەگراف

ئەمڕۆ لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە میوانداریى وەزیرى دارایى دەربارەى هەموارى یاساى بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم کۆبووەوە. دوو ئەندامى کوردى لیژنەکە لەبارەى مووچەوە پرسیاریان ئاراستەى تەیف سامى کردووە، پەرەگراف وەڵامەکانى وەزیرى دارایى عێراق بڵاو دەکاتەوە.

جەمال کۆچەر،  ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، دەڵێت "پرسیاری مووچەی مانگی 12م لە وەزیرى دارایى عێراق کرد، ئەویش لە وەڵادا وتى: لە 2024دا 12 مووچەم ناردووە، ئەگەر بڕیارێکى نوێ نەدرێت، هیچ پارەیەکی دیکە نانێرم".

هەروەها نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایى عێراق، لەبارەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمەوە دەڵێت "وەزیرى دارایى دووپاتى کردەوە کە ئەگەر تەوتین تەواو بکرێت، بەشێکى زۆر لەو کێشانەى کە پەیوەندیى بە مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمەوە هەیە، چارەسەر دەبن".

نەرمین مەعرووف جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت بابەتى تەوتین کۆتایى پێ بهێنرێت و تەواو بکرێت، چونکە مەرجێکى سەرەکیى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەخۆرانى هەرێم".

کۆبوونەوەکەى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە ئامادەیى وەزیرى دارایى، لە بنەڕەتدا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی بەتایبەت ماددەی ١٢ بڕگەی دووەم/ج بووە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێى هەموارى نوێى ئەو بڕگەیە، تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێ بۆ ١٦ زیاد دەکرێت، کە پێشتر شەش دۆلار بوو، بەڵام حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێم داواى زیادکردنیان کرد.

چۆنێتیى مامەڵە کردن لەگەڵ داهاتى نەوت

نەرمین مەعرووف دەڵێت "کۆمپانیایەکى تایبەتمەند لە ماوەى دوو مانگدا خەمڵاندن بۆ تێچووى نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان".