چەند سەگێک پەلامارى منداڵێکیان دا و گیانى لەدەست دا

11-01-2025 03:37

پەرەگراف

منداڵێکى تەمەن ٩ بۆ ١٠ ساڵ و قوتابیى پۆلى سێى بنەڕەتى، دواى تەواوبوونى تاقیکردنەوە و لە کاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە، لە نزیک کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون لە کەرکووک، چەند سەگێکى بێلانە پەلاماریان دا و بەهۆى سەختیى برینەکانیەوە گیانى لەدەست دا.

ئەلەند ئەیمەن پاش بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵی خوێندنی 2025/2024، لە قوتابخانە هاتووەتە دەرەوە و لەنێوان جوان سیتى و کەرکووک سیتى سەگەکان پەلاماریان داوە.

ئەو شوێنەى کە تێیدا سەگەکان پەلامارى ئەو منداڵەیان داوە، چاڵ بووە و ڕووداوەکە لەلایەن خەڵکەوە نەبینراوە، بەڵام خاوەنى یەکێک لە سیتییەکان دەڵێت "سکیوریتییەکان گوێیان لە دەنگى سەگەکان بووە و ڕۆیشتوون بزانن چى هەیە، دەبینن کە ئەو منداڵە بە سەختى بریندار بووە".

خاوەنى سیتییەکە وتيشى "وەکوو لە کامێراکانى چاودێرییەوە سەیرمان کرد، دەرکەوت کە چوارپێنج سەگ لەو شوێنەوە دێنە سەرەوە".

سەگەکان جەستەى منداڵەکە بەتایبەت دەموچاو و ملیان بە تەواوى شێواندبوو. پاش ئەوەى گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەهۆى سەختیى برینەکەیەوە گیانى لەدەست دا.