مەسرور بارزانی: ڕەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێت

11-01-2025 11:18

پەرەگراف

كۆبوونەوەی نائاساییی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بە پرسی مووچە و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە پەرلەمانتارو وەزیرە کوردەکان لە بەغداد بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی ڕەخنەی تووند لە سیاسەتەکانی بەغداد دەگرێت بەرامبەر هەرێم.

فراکسیۆنەکانی، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردو ڕەخنە لە سیاسەتە داراییەکانی هەرێم دەگرن لە پرسی مووچەو داهات دا.

لە دەستپێکی كۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند: "ڕەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ، دەبێت خەڵكی كوردستان لەم دۆخە ناخۆشە دەروونییە ڕزگار بكرێن".

مەسرور بارزانی داوایکرد، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاست بكرێتەوە، "ئێمە داوای مافە دەستوورییەكانمان لە بەغدا دەكەین، خەڵكی كوردستان شایانی ئەو ستەم و نادادپەروەرییە نییە كە لە دژی دەكرێ. هەر كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دابێت، بەربەستی بۆ دروست كراوە".

سەرۆکی حکومەت بە پێویستی زانی، بەرامبەر بەغدا، "یەكڕیز و یەكدەنگ بین"، وتیشی "ڕەفتاری بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان قبووڵكراو نییە".