پەرەگراف
هەردوو فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانى عێراق، ڕەتیان کردەوە بەشدارى لە کۆبوونەوەکەى سبەینێى هەولێر بۆ گفتوگۆ لەسەر کێشەى مووچە بکەن. کۆبوونەوەکە لەلایەن سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە ڕێکخراوە و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و وەزیرە کوردەکان بانگهێشت کراون. موسەننا ئەمین دەڵێت "ئەجێنداى کۆبوونەوەکە ڕوون نییە، لەلایەک باس لە هەڵوێستوەرگرتن دژى بەغدا دەکرێت، لەلایەک دەڵێن قسە لەسەر کێشەى مووچە دەکرێت".
سۆران عومەر، تاکە پەرلەمانتارى کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانى عێراق، ڕایگەیاند "بایکۆتی کۆبوونەوەکەى سبەینێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەکەین و بەشداریى تێدا ناکەین".
پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ئاماژە بەوە دەکات "هەموو خەڵکی هەرێم دەزانن بەغدا لە ساڵى ٢٠٢٤دا زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینار پارەی بۆ مووچەی ١٢ مانگ ناردووە، حکومەتى هەرێم خۆیشى دەڵێت ٩٤٠ ملیار دینارمان لە داهاتى ناوخۆ بۆ مووچە خەرج کردووە، واتە پارەى تەواو بۆ ١٢ مووچە هەبووە، بەڵام ١١ مووچەیان داوە و مووچەى مانگى ١٢ـى نەدا".
هەروەها موسەننا ئەمین، ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق، ڕایگەیاند کە ئەوانیش بەشدارى کۆبوونەوەکەى هەولێر ناکەن و دەڵێت "حکومەتی هەرێم قەیران لەدوای قەیران دەخوڵقێنێت و هاووڵاتیان برسی دەکات، تا ئێستا مووچەی مانگی ١٢ـى فەرمانبەرانی نەداوە و ئەو داتایانەش کە دەیخاتەڕوو جێگەی متمانە نین".
موسەننا ئەمین دەشڵێت "ئێمە هیچ بە پێویستی نازانین کە حکومەت قەیرانێکی هەبوو و ویستى هەڵوێستێک دەربڕێ، ئێمە لەگەڵ خۆی ڕیز بکات. ئێمە لەگەڵ حکومەت ڕیز نابین، ئێمە ئۆپۆزسیۆنین".
"ئەگەر حکومەت بە سیفەتی ئەوەی پەرلەمانتاری کوردین لە بەغداد، هەڵوێستێکیان هەیە و دەیانەوێە کێشەیەک چارەسەر بکەن، دەتوانن بە ڕاپۆرتێک زانیارییەکانمان بۆ بنێرن، ئەگەر بە تەمای هەڵوێستێکیشن بیگرن لە حکومەتی عێراق، ئێمە ئامادە نیین لەگەڵ دەسەڵات هەڵوێست وەرگرین"، پەرلەمانتارەکەى یەکگرتوو وا دەڵێت.