ئاسایشی هەولێر: لە کاتی گەشتکردنی هاووڵاتیان، پێویستە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بە ناوی خودی گەشتیارەوە بێت

09-01-2025 09:31

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری سەر بە ئاسایشی گشتیی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو هاووڵاتیانەی گەشتی دەرەوە دەکەن کە خۆیان بپارێزن لە هەڵگرتن و بەکارهێنانی ڤیزەکارد یان ماستەرکاردی کەسانی دیکە، بەڵکو دەبێت بە ناوی خۆیانەوە بێت، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر خۆیان و ئەو کەسانەش کە کارتەکانیان بەناوەوەیە دەگیرێتە بەر.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری ڕاگەیەندراوێکی دوو کردووەتەوە و لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت "لە کاتی گەشتکردنی هاووڵاتیان، پێویستە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بە ناوی خودی گەشتیارەوە بێت، بە پێچەوانەوە کارتە بانکییەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاووڵاتییەکەش ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە".

لە خاڵی دووەمیشدا هاتووە "ئەو هاووڵاتییانەی هەڵگری ژمارەیەکی زۆر لە ڤیزەکارد یان ماستەرکاردن بە ناوی خەڵکی ترەوە و بە ناوی خۆیانەوە نییە، لە کاتی گەشتکردنیاندا ڤیزەکارد یان ماستەرکاردەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت".

ئاسایش هۆشداری دەدات کە لە حاڵەتی دووەمدا، "هەم هەڵگری ئەم جۆرە کارتانە و هەم ئەو هاوڵاتییانەی کە ڤیزەکارد یان ماستەرکارد بە ناویانەوەیە، ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە و کارتە بانکییەکانیش بلۆک دەکرێن".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری سەر بە ئاسایشی گشتیی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات "ئاگاداری بەڵگەنامە تایبەتییەکانیان بن و ڕێگە نەدەن خەڵکی تر بەکاریان بهێنێت بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی و کارتی بانکی، یان کارتەکانیان بدرێتە کەسانی دیکە و مامەڵەی پێوە بکرێت، بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە".