پەرەگراف
دانیشتوانى خەلەکان و گوندەکانى ناوچەکە، پاش کۆتاییهاتنى مۆڵەتە ٧٢ کاتژمێرییەکەیان بۆ حکومەت و بەرپرسان، بە تەواوى ڕێگاى (دوکان - ڕانیە)یان لە کانى وەتمان بە ڕووى هاتووچۆى ئۆتۆمبێلى گەورە و بچووکدا داخست.
دانیشتوانى ئەو ناوچە کە پێشتریش چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، داواى تەواوکردنى ڕێگاى جووتسایدى خەلەکان - دوکان دەکەن، لەگەڵ چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا، بەڵام تا ئێستا وەڵامى داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە و کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە.
خەڵکى خەلەکان و گوندەکانى دەوروبەرى دەڵێن، ڕێگاى ناوچەکە کە ڕێگایەکى سەرەکییە، چاڵ و چۆڵى و کێشەى زۆرى تیایە، ڕۆژانە ڕووداوى هاتووچۆى تێدا ڕوو دەدات. هەروەها کارەبایان کەمە و زۆر ڕۆژ تەنیا لە "٥ـى ئێوارە تا ١٢ یان ١ـى شەو" کارەبایان هەیە.
لە مانگى ١٠ـى ساڵى ڕابردوو، دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم، ڕایگەیاند "تەوجیهم بە بەڵێندەرى ڕێگاى خەلەکان داوە کە لە ماوەى هەفتەیەکدا دەست بە پرۆژەکە بکاتەوە". وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بەڵێنى بە خەڵکى ناوچەکە دا کە "ئەگەر پارەى نەختینە بۆ پرۆژەکە دابین نەکرێت و جارێکى دیکە بوەستێتەوە، دێم لەگەڵ خەڵکى خەلەکان خۆپیشاندان دەکەم".
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەى خەلەکان، ئێوارەى ئەمڕۆ لەناو خۆپیشاندەرانى خەلەکاندا وتى "دەبوو کۆمپانیاکە لە ماوەى دوو ساڵدا و لە ساڵى ٢٠١٥ ڕێگاکەى تەواو بکردایە، بەڵام بەهۆى ئەو بارودۆخە دارایى و سیاسییانەى بەسەر هەرێدا هاتووە، بەم ڕۆژە گەیشتووین".
بەڕێوەبەری ناحیەى خەلەکان وتیشى "بەڵێندەرەکەش کەمتەرخەمیى هەبووە، چونکە ٤٥%ـى ڕێگاکەى تەواو کردووە، لەکاتێکدا زیاتر لە ٥٠%ـى پارەکەى وەرگرتووە".
"لە ڕۆژى یەکشەممەوە کۆمپانیاى جێبەجێکار بانگ دەکرێت و داواى لێ دەکرێت بە ئەندازەى ئەو پارەیەى وەرى گرتووە دەست بە جێبەجێکردنى پرۆژەکە بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ڕێکارى یاسایى بەرانبەرى دەگیرێتە بەر"، بەڕێوەبەری ناحیەى خەلەکان وا دەڵێت.