قەدەغەى هاتووچۆى سەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان هەڵگیرا و لیژنە بۆ چارەسەرى کێشەکە پێک دەهێنرێت

09-01-2025 02:07

پەرەگراف

ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى کۆبوونەوە و لەسەر ژمارەیەک خاڵ ڕێککەوتن. لەمڕۆوە "بەشێوەیەکى کاتى" قەدەغەى هاتووچۆى ئەم ئۆتۆمبێلانە هەڵدەگیرێت تا لە ڕێگەى لیژنەیەکى هاوبەشەوە چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان دەدۆزرێتەوە.

پاش کۆبوونەوەکە، ئەندامانى ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند "گەیشتینەوە ئەوەى کە ڕێوشوێنەکانى قەدەغەى هاتووچۆى سەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەشێوەیەکى کاتى ڕابگیرێن و لیژنەیەک بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشەکە بە میکانیزیمى یاسایى پێک بهێنرێت".

لیژنەکە لە نوێنەرى سەرۆکى یەکێتى، جێگرى سەرۆکى حکومەت، نوێنەرى دەزگا ئەمنییەکان و بەشى یاسایى پێک دێت، بە ڕەچاوکردنى "لایەنى ئەمنى و یاسا و بڕیارە کارپێکراوەکان لە هەرێمى کوردستان" چارەسەرێک بۆ کێشەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەدۆزێتەوە.

هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە ماوەى ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە، "ئەگەر تاوان و یاساشکێنییان پێ نەکرابێت"، دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.

بەپێى لێکتێگەیشتنى نێوان سەرۆکى یەکێتى و ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت لە پێشانگاکانى ئۆتۆمبێل کڕێن و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلى بێسەرەتاوە بکرێت، تا بڕیارى لیژنەکە دەردەچێت".

ئەنجوومەنەکە داوا دەکات کێشەى ئەو ئۆتۆمبێلانە لە هەولێر و دهۆک و سۆرانیش چارەسەر بکرێت و لەمەودوایش ڕێگرى بکرێت لە هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا بۆ هەرێمى کوردستان.