پەرەگراف
هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "ژمارەى کوژراوانى گرووپەکانى سەر بە تورکیا لە پێکدادانەکانى دوێنێ چوارشەممە لە باکوورى بەنداوى تشرین بۆ ٦٣ کەس بەرز بووەوە، ٣٧ بەکرێگیراویش بریندار بوون کە برینى ژمارەیەکیان سەختە".
بەپێى ڕاگەیەندراوى هەسەدە، بەرەبەیانی دوێنێ گرووپەکانى سەر بە تورکیا بە پاڵپشتیی فڕۆکەى جەنگى و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، هێرشێکى بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی (عەلووش) و (تەل عەریش) و (تلزەمالە) و گردی (سیریتل) لە دەوروبەرى بەنداوى تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی مەنبەج دست پێ کردووە.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات دەڵێت "پێکدادانى توند لەنێوان هێزەکانمان و بەکرێگیراوەکاندا تا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو، هێزەکانمان توانييان بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە و ٦٣ چەکدارى بەکرێگیراوى تورکیا بکوژن".
بەپێى ڕاگەیەندراوى هەسەدە، لە ئەنجامدا "زرێپۆشێک و پێنج ئۆتۆمبێلى سەربازى" تێکشکاون. پاش بەرگریى شەڕڤانانى هەسەدەیش چەکدارانى گرووپەکان "هەڵاتوون و تەرمى کوژراوەکانیان و ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکانیان جێهێشتووە".