پەرەگراف
مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، ئیدارەى نوێى دیمەشقى لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە لەگەڵ "یەکڕیزى و یەکپارچەیى" خاکى سووریادان.
عەبدى لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى فرانس پرێس ڕایگەیاندووە "هەر پرۆژەیەکى دابەشکارى و پارچە پارچەکردن ڕەت دەکەینەوە، کە ببێتە هۆى هەڕەشە بۆ سەر یەکگروویى وڵات". هەروەها وتوویەتى کە لەو ڕووەشەوە لەگەڵ ئیدارەى نوێى دیمەشق "هاوڕاین".
ئەم لێدوانەى فەرماندەى گشتیى هەسەدە پاش کۆبوونەوەى ١٠ ڕۆژ لەمەوبەرى شاندێکی بەرپرسانی باڵای هەسەدە دێت لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا. کە سەرچاوەیەک ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".
کۆبوونەوەكە ڕۆژى دووشەممە 30-12-2024 ئەنجام درا و یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع بوو.
بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی "ئەمە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بووە بۆ دانانی بەردی بناغەی کۆبوونەوەكانی داهاتوو".
ئەو بەرپرسە کە بە مەرجی ناونەهێنان لێدوانی بۆ ئاژانسەکە دا، جەختی کردەوە کە "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە". وتیشى "هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستانی چڕوپڕ تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".
ڕۆژێک بەر لەو کۆبوونەوەیەش لە ٢٩-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا، جەختى کردەوە كە "كورد پێكهاتەیەكی دانەبڕاوی سووریایە". ئاشكرایشی کرد كە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە دانوستاندان بۆ "چارەسەری كێشەی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان)".
ئەحمەد شەرع لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە، ڕایشیگەیاند كە دانوستانەكانیان بەو ئامانجەیە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) "ببن بە بەشێك لە هێزی دەوڵەت"، واتە بخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە.
سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا دووپاتى کردەوە کە "ڕێگە بە دابەشبوونى سووریا نادەين".
پێشتریش لە ٢٤-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ئیدارەى نوێى سووریا، لەگەڵ سەرکردەى گرووپە چەکدارییەکان كۆبووەوە. بەپێى میدیاى فەرمیى سووریا "لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارییەکان و ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەیان لەژێر چەترى وەزارەتى بەرگریى سووریادا".