بارزانى لەگەڵ ئەنەکەسە کۆبووەوە و داواى 'یەکڕیزى و یەکهەڵوێستیى' کورد لە سووریا دەکات

08-01-2025 03:44

پەرەگراف

مەسعود بارزانى جەخت لە "پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان و پشتبەستن بە دیالۆگ لە سووریا" دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٥، مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکرات، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد.

بارەگاى بارزانى دەڵێت "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا، هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا".

وەکو بارەگاى بارزانى بڵاوى کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا مەسعود بارزانی جەختی لە "پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە سووریا و پێویستیی یەکڕیزیی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان" کردووەتەوە.

هەروەها بارزانى داواى "ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە سووریا و پشتبەستن بە دیالۆگ و ڕێکاری ئاشتییانە"ـى کردووە.