ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی 2 ساڵ درێژکردەوە

08-01-2025 02:34

پەرەگراف

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆماوەی دووساڵ لە 7-1-2025 تا 6-1-2027.

پێشتر پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 5-1-2025ی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بەڵام کۆنەبووەوەو هۆکاری کۆنەبوونەوەکەیشی ڕانەگەیاند.

ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەیە بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا.

پەرلەمانی عێراق لە ٢٢-٥-٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ تا 7-1-2025 پەسەند کرد، ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەبوو بتوانێت هەڵبژاردنی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

لە ١٠-١٠-٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لە ٩-١-٢٠٢٢ خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەکاربوو، بەپێی دەستور ٤٥ ڕۆژ بەرلە تەواوبوونی ٤ ساڵی خولی پەرلەمانیی پێویستە هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، واتە ٤٥ ڕۆژ بەرلە ٩-١-٢٠٢٦ پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەم بکرێت.