مەسرور بارزانی: لەگەڵ ئەردۆغان جەختمان لەسەر نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت کردەوە
پەرەگراف
مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوەو دەڵێت: جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریامان تاوتوێ کرد، "لەبارەی دۆخی سووریاش، هاوڕابووین لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە".
بەرلەو کۆبوونەوەیە هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
هەر ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و نوح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
ڕۆژی 19-12-2024یش سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، لە ئەنقەرە لەگەڵ نوح یڵماز کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ جووڵەی ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە کورد و هەرێم، لەوانە دۆسیەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەروەها هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە.