گرژی لە نێوان خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دروست بوو

07-01-2025 01:24

پەرەگراف

خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە سلێمانی لە دژی دەستەبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو شەقامی سەرەکی سلێمانییان داخست و بەوهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا.

نوێنەری خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوەو بە ڕۆژنامەنووسانیان وت، دوو داواکارییان هەیە، یەکەم؛ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا نەگیرێت و ڕێگە بدرێت بەکاری بهێنن، دووەم؛ بازگەکانی سنوری سلێمانی بە ڕوویاندا بکرێنەوە.

پارێزگاری سلێمانی بەڵێنی بەدواداچوونی پێداون بۆ چارەسەری کێشەکەیان و گوتویەتی "دەستبەسەرداگرتنیان لە دەسەڵات و بڕیاری ئەودا نییە".

ڕۆژى ٢-١٢-٢٠٢٤، لیژنەى باڵاى ئەمنیى سلێمانى بڕیارى قەدەغەکردنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانى دەرکرد. بەپێى بڕیارەکە "ڕێگە نادرێت هیچ جۆرە سوارڕەوێکى بێسەرەتا بێتە ناو شارى سلێمانى".

لە دواى بڕیارەکەوە مەفرەزەى هاوبەشى لایەنە ئەمنییەکان لەناو شارى سلێمانى دەستیان بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلى بێسەرەتادا گرتووە، بەڵام هەڵمەتەکە ناحیە و قەزاکانى نەگرتووەتەوە و ڕێگەیش دراوە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە شارى سلێمانى ببرێنە دەرەوە.

هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەنجومەنی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەڵێن نزیکەی "٧٠ هەزار ئۆتۆمبێل" دەبن و لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕیندان.

ئەو ئۆتۆمبێلانە بەناوی سکراب کردنەوە دەهێنرێنە عێراق، بەڵام لە باشوری عێراق چاکدەکرێنەوەو بە قاچاخ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەڵێن "لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە هێنراون و ئەوان کڕویانن بە نرخی جیاواز لە ٥ هەزار دۆلار و تیایاندایە نزیکەی ١٥ هەزار دۆلاری پێداوە، ئێستا بۆ دەبێت خەڵک باجەکەی بدات و دەسەڵاتداران خێرەکەی بخۆن و دەرباز ببن".

پێشتر ئیدارەی هەولێرو دهۆک ئەو ئۆتۆمبێلانەی قەدەغەکردووەو ڕێگەی نەداوە بچنە ئەو سنوورە، بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێر ڕۆژی 24-11-2024 جووڵەى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتاى لەسەر شەقامەکان قەدەغە کرد و ڕایگەیاند "هەر شۆفێرێک سەرپێچى بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت".