سەربازێکی هاوپەیمانان لە چیای حەمرین کوژراو دوانی دیکە برینداربوون

07-01-2025 07:02

پەرەگراف

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) بڵاویکردەوە، لە زنجیرەیەک هێرش بۆسەر مۆڵگەکانی داعش لە چیای حەمرین، سەربازێکی هاوپەیمانان کوژراو دوای دیکە برینداربوون.

هێرشەکان لەنێوان 30ی کانوونی یەکەمی 2024 تا 6ی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجامدراون، کوژراو و بریندارەکان لە هێزەکانی ئەمەریکا نین و لە دوو نەتەوەی جیاواز، ناسنامەو وردەکاریی چۆنیەتی کوژرانیان ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەناوبردنی تواناکانی داعش و ڕێگریکردن بووە لە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا فڕۆکە جەنگییەکانی F-16s, F-15s, A-10s ئەرکی پاڵپشتیکردنی هێزە زەمینییەکانی ناوچەکەیان پێسپێردراوەو سەرکەوتووبوون لە لەناوبردنی مۆڵگەکانی داعش.

ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم، جەخت لە گرنگی ئۆپەراسیۆنەکان دەکاتەوەو دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکان زۆر گرنگن بۆ بەردەوامیی فشارەکان لەسەر داعش و دڵنیابوون لە شکستی ئەو گروپە تیرۆریستییەو ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن.