توركیا قەدەغەی گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی درێژ ‏كردەوە

06-01-2025 08:14

پەرەگراف

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "توركیا قەدەغەی گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە درێژ ‏كردەوە". بەوەش ماوەی قەدەغەی گەشتەكان كە ئێستا 21 مانگی تێپەڕاندووە، بە تەواوكردنی ئەم شەش مانگە دەبێت بە دوو ساڵ و سێ مانگ. 

تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکار دەهێنن. بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا 3-7-2023 بوو، بەڵام دواتر سێ جار و هەرجارەی شەش مانگی دیکەی درێژى کردەوە، ئێستاش شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە و بەوەش قەدەغەکردنەکە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکان، هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیە و لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووە و دزەیان کردووەتە ناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەت دەکەنەوە و بەردەوام جەخت لە مەدەنیبوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.