دەمپارتی بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان و وەرگرتنەوەی وەڵامەكان بۆ ئیمراڵی
پەرەگراف
شاندی دەمپارتی بەردەوامە لە سەردانەكانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی توركیا، بەئامانجی گەیاندنی وردەكاریی ناوەرۆكی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی دەستێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی. شاندەكە لەگەڵ پارتی ئایندەی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان كۆبووەوە و سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكات. دوایین جاریش سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان دەكات و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان و وەڵامی لایەنەكان دەباتەوە بۆ ئیمراڵی.
كاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6-1-2025، شاندی پارتی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان (دەمپارتی) كە لە ئەحمەد تورك، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێكهاتووە، بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك لەگەڵ پارتی ئایندەی توركیا بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد داودئۆغلوو كۆبووەوە. دواتریش لە كاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) و لە كاتژمێر 03:30 لەگەڵ پارتی سەعادەت كۆبووەوە.
ئەحمەد داودئۆغڵوو، سەرۆكی پارتی ئاییندەی توركیا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی "پێویستە كورد لە توركیا مافی پارێزراو بێت، پێویستیشە بیر لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كورد و تورك بكرێتەوە".
هەروەها سری سورەیا ئۆندەر لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ داودئۆغلوو ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەماندا كەمێك ئەزموونی ڕابردوومان باس كرد. ئەو زانیارییانەی هەمان بوو، لەبەر ڕۆشنایی دۆخی نوێ پێمان ڕاگەیاند. داوای پێشنیار و ڕەخنەمان كرد، سوپاسی دەكەین كە بە وردی زانیاری پێ داین".
ئۆندەر ئاماژەی بەوەش كرد كە پاش سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی گشتیی هەدەپە، پەیام و ڕوونكردنەوەیەكی گشتگیر بڵاو دەكەنەوە.
ڕۆژی 2-1-2025، شاندی دەمپارتی دوو كۆبوونەوەی دیكەی ئەنجام دا، لەگەڵ نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و پاشان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) كۆبووەوە.
پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەمپارتی، وتی "كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو، زانیاریمان دەربارەی وردەكاریی كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ ئۆجەلان بە سەرۆكی پەرلەمان دا، گوێیشمان لە پێشنیازەكانی ئەو گرت".
ئۆندەر وتیشی "كاروبارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن و گەشبینین".
ڕۆژى 28-12-204، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.
ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاندووە، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".
ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".
بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".
"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.
شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و ئۆجەلان دەڵێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز (بۆ ئاشت) بكەم".
بڕیارە دواتر شاندى دەمپارتى وەڵام و بۆچوونى لایەنەکان بباتەوە بۆ ئۆجەلان و لەسەر بنەماى وەڵامەکانیش ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە پەیامى نوێى دەبێت و هەنگاو بۆ دەستپێکردنى دانوستانى ئاشتى دەنێت.