ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئازاد دەکرێت

06-01-2025 12:18

پەرەگراف

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی دەرکردو سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەی هەڵوەشاندەوە کە دادگای دهۆک بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزای دابوو.

رێڤینک یاسین، لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە پەرەگرافی وت" ئەمڕۆ  دادگای پێداچوونەی هەرێم بڕیاری ئازادکردنی بۆ رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دەرکرد، بەڵام جارێ بڕیارەکە نەگەیشتووەتە دهۆک".

پارێزەرەکەی وتیشی "تاوەکو بڕیارەکە نەگاتە دادگای تاوانەکان له دهۆک ئازاد ناکرێت، دەبێت چاوەڕێی گەیشتنی بڕیارەکەو ودەکارییەکەی و بکەین ئەو کات دەزانین کاتی ئازادکردنەکەی کەی دەبێت".

دادگای پێداچوونەوە بەڵگەی سەلمێنەرو بڕواپێهێنەری لەبەردەست نەبووەو بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کراون و بەهۆیەوە لە دهۆک حوکمی بەسەردا سەپێندراوە.

رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە ٢٩-٧-٢٠٢٤ لە دادگای دهۆک دادگایی کراو بەپێی ماددەی 1 لەیاسای ژمارەی 21ی ساڵی2003ی پەرلەمانی کوردستان بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا، هەر ئەوکات پارێزەرەکانی بڕیارەکەیان ڕەتکردەوەو تەمیزیان کردەوە.

سلێمان ئەحمەد كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی لە دەزگای ڕۆژنیوز كاری دەکرد، لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا لە كاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور (سێمێلكا) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كراو ئاسایشی دهۆک تۆمەتی "سیخوڕیی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)"ی خستەپاڵ.