سەرجەم مووچەخۆران لە هەولێر لەڕێی "هەژماری من" مووچەکانیان وەردەگرن

05-01-2025 02:18

پەرەگراف

حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئێستا سەرجەم فەرمانبەرانی حکومی لە هەولێر لە پرۆگرامی "هەژماری من" تۆمارکراون و مووچەی مانگی ١١ بە ئەلیکترۆنی و لەڕێی هەژمارەکانیانەوە وەردەگرن.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند "نزیکەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومی هەرێم لە هەولێر-نزیکەی 176 هەزار کەس- ڕاستەوخۆ موچەکانیان لە هەژمارە بانکییە نوێیەکانیان وەردەگرن لەم مانگەدا".

ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ دەستی پێکردو چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ هێشتا نادیارە، بڕیارە ٢١٩ هەزار فەرمانبەری حکومی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆگرامی هەژماری من مووچەکانیان وەربگرن.

پرۆژەی هەژماری من بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە كە بیرۆكەكەی هی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت و لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە ٧٢٠ هەزار مووچەخۆر بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام بەشێک لە مووچەخۆرانی سنووری ئیدارەی یەكێتی پڕۆژەكە ڕەت دەكەنەوە و داوای جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق دەكەن، ڕەتکردنەوەی هەژماری من بەشێک بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی داوای لە مووچەخۆران کرد بەشداری تێدا نەکەن.

هاوکات یەکێتی لە بەغداد سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووەو تۆمەتباری دەکات بە سەپاندنی هەژماری من و ڕێگری لە جێبەجێکردنی بەرنامەی تەوتین بۆ مووچە کە هی وەزارەتی دارایی عێراقە.