بەهۆى 'ڕادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ' بەغدا لە ناردنى ٤٤١ ملیار دینارەکەى مووچەى مانگى ١٢ پەشیمان بووەوە
پەرەگراف
بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق ئاشكراى دەکات کە بەغدا لە خەرجکردنى ٤٤١ ملیار دینارەکە بۆ مووچەى مانگى ١٢ پەشیمان بووەتەوە و "تەنیا ٢٦٤ ملیار دەنێرێت، چونکە دەڵێت هەرێم داهاتى ناوخۆى ڕادەست نەکردووە".
فازڵ نەبى، بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق، دەڵێت "پێش سەرى ساڵ نووسراوێک کرا بۆ خەرجکردنى ٤٤١ ملیار دینار بۆ مووچەى مانگى ١٢، بەڵام نەیانخستە ناو سیستەمى سویفت، بۆیە نەچووە بانکى ناوەندى و پارەکە خەرج نەکرا".
وەکوو فازڵ نەبى لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى ڕووداو ڕوونى کردەوە، ئەو پارەیە ٢٦٤ ملیار دینارى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى بوو، ئەوى دیکەى هى مووچەخۆرانى سەربازییە.
هەروەها ڕایگەیاند "دواتر وەزارەتى دارایى عێراق خۆى پێداچوونەوەى کردەوە، ئێستا کیتابى ٤٤١ ملیار دینارەکە ڕاگیراوە و کیتابێکى نوێیان کردووە کە تەنیا ٢٦٤ ملیار دینار خەرج دەکەن، دەڵێن داهاتى ناوخۆ ڕادەست نەکراوە و تەنیا ئەو ئەو بڕەتان ماوە".
"کێشەکە لەسەر ڕادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆیە. بەغدا داواى نیوەى داهاتى ناوخۆ دەکات و دەڵێت: ئێمە دەڵێین نیوەى ڕادەست بکە، تۆ (هەرێم) نایکەیت. ئەوان بە ١٦٠ ملیار دینار ڕازى بوون، بەڵام هەرێمى کوردستان ٧٥ و ٨٥ ملیار دینار ڕادەست دەکات"، بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایى عێراق وا دەڵێت.
هەروەها فازڵ نەبى ئاماژەى بەوە کرد کە دواجار بەر لە خەرجکردنى مووچەى مانگى ١٠، وەزیرى دارایى عێراق داواى میزانى موراجەعەى مانگەکانى ڕابردووى کرد، دواى ئەوە بەغدا لە مانگى ١٠ـەوە وردە وردە ئەو داهاتە ناوخۆیەى لە هەرێم بڕى کە ڕادەستى نەکردووە.
ناوبراو دەڵێت "بەغدا بۆ مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ حیساباتى کرد. داهاتى ناوخۆى حیساب کرد. دواتر هەستا بە بڕینى ئەو بەشەى داهاتى ناوخۆ کە دەبوو هەرێم ڕادەستى بکات و بەڵام نەیکردووە، بۆیە مووچەى ئەو سێ مانگە وردە وردە کەم کرایەوە تا دواجار مووچەى مانگى ١٢ کراوە بە ٢٦٤ ملیار دینار".