مامۆستایانى ناڕازى: دارایى هەرێم پارەى ١٢ مووچەى لەبەردەستدا بووە و ١٠ مووچەى دابەش کردووە

04-01-2025 01:15

پەرەگراف

دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى ڕایدەگەیەنێت، هەر بەپێى داتاکانى وەزارەتى دارایى خۆى، بە پارەى بەغدا و داهاتى ناوخۆ زیاتر لە ١٢ ترلیۆن دینار بۆ مووچە خەرج کراوە کە زیاترە لە مووچەى ١٢ مانگەکەى ساڵ، بەڵام دارایى هەرێم تەنیا ١٠ مووچەى دابەش کردووە.

دەستەکە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایشیگەیاند "لەبەر خەمخۆریمان بۆ سیستەمى پەروەردە و قوتابییەکانمان، بڕیارى بەردەوامى لە بایکۆت نادەین، چونکە تاقیکردنەوەکانمان لەپێشە".

دەستەى داکۆکى لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لەبارەى مووچەوە دەڵێت "بەناو وەزارەتى دارایى هەرێم، دیسان لە حیسابکردندا کەوتووەتە هەڵەى زەق و چەواشەکاریى ڕایگشتییەوە، خۆى دەڵێت کۆى مووچە ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار دینارە، هەر خۆیان دەڵێن حکومەتى عێراقى ١٠ ترلیۆن و ٧٥٢ ملیار دینارى ناردووە، ئەگەر ئەو ٤٤٠ ملیار دینارەى کە هێشتا نەگەیشتووە، حیساب بکەین، واتە حکومەتى عێراق زیاتر لە ١١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینارى بۆ مووچەى کۆى ساڵەکە ناردووە".

دەستەکە لە درێژەى بابەتى مووچەدا دەڵێت "جگە لە داهاتى ناوخۆى هەرێم کە پێنج ترلیۆن و ٧٦٠ ملیار دینارە، داهاتى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى بەقاچاغبراو، دارایى هەرێم دەڵێت گوایە ٩٦٠ ملیار دیناریان لە داهاتى ناوخۆ بۆ مووچە خەرج کردووە، کەواتە پارەکەى بەغدا لەگەڵ داهاتى دوو مانگى ناوخۆ دەکاتە ١٢ ترلیۆن و ١٤٠ ملیار دینار، ئەى خێرە بەناو وەزارەتى دارایى هەرێم ١٠ مووچەى دابەش کردووە؟".

دەربارەى بەبانکیکردنى مووچەیش، دەستەى داکۆکى دەڵێت "پێشتر ڕامانگەیاندووە کە دەسەڵاتداران و بانکەکانى هەرێم جێگاى متمانە نین و نابن، ئێستاش دەستەکە جەخت دەکاتەوە تاکە چارەسەر تەوتینکردنى مووچەیە لە بانکەکانى ڕەشید و ڕافیدەین".