وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: کورد هاوپەیمانمانن و پێویستە چەک بێدەنگ بکرێ و سیاسییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن

03-01-2025 03:17

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی دیمەشقی کرد و دوای 13 ساڵ لە داخستنی چووە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی، ژان نۆوێل بارۆ، کوردی وەک هاوپەیمانی فەڕەنسا ناوبردو  ڕایگەیاند، پێویستە چەک لە باکوری سوریا بێدەنگ بکرێت و کێشەکان سیاسییانە چارەسەر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەر ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێکەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کۆبوونەوە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی وت "پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت و سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدی جێگەی شەڕ و پێکدادان نییە، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە، تاوەکو ئەوان بە تەواوی لەم پرۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەستپێدەکات بەشداربن. پێویستە ئاگربەست بەردەوام و درێژخایەن بێت".

ژان نۆوێل بارۆ جەختی کردەوە کە "قبوڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاسایشی فەرەنسا و ئاسایشی ئەوروپا دەکات".

سەردانەکەی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنساو ئەڵمانیا بۆ دیمەشق یەکەم سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتەیە لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.