دەمپارتی پەیامەكەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە لایەنەكانی توركیا و وەڵامەكەی دەباتەوە بۆ ئیمراڵی

02-01-2025 06:22
کۆبوونەوەى شاندى دەمپارتى و دەوڵەت باخچەلى، سەرۆکى مەهەپە

پەرەگراف

شاندی دەمپارتی دەستی بە سەردانەكانی بۆ لای لایەنەكانی توركیا كرد، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامەكەی ئۆجەلان و وەرگرتنی بۆچوون و وەڵامی ئەوان بۆ ئیمراڵی. ئەمڕۆ دوو كۆبوونەوە بەڕێوە چوون و ڕۆژانی داهاتوو سەردانی جەهەپە و ئاكپارتی دەكرێت. سری سورەییا ئۆندەر دەڵێت "كاروبارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن و گەشبینین".

شاندی پارتی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان (دەمپارتی) كە پێكهاتبوو لە ئەحمەد تورك، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیان بە سەردانەكانیان بۆ لای لایەنە جیاوازەكانی توركیا كرد، سەرەتا لەگەڵ نومان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و پاشان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) كۆبوونەوە.

پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەمپارتی، وتی "كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو، زانیاریمان دەربارەی وردەكاریی كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ ئۆجەلان بە سەرۆكی پەرلەمان دا، گوێیشمان لە پێشنیازەكانی ئەو گرت".

ئۆندەر وتیشی "كاروبارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن و گەشبینین".

سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، ئەندامەكەی شاندی دەمپارتی وتی "ڕۆژی دووشەممە سەردانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) و دواتریش سەردانی سەرجەم پارتەكانی ناو پەرلەمان دەكەین".

ڕۆژى ٢٨-١٢-٢٠٢٤، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.

ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاندووە، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".

ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".

بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".

"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.

شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و ئۆجەلان دەڵێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز (بۆ ئاشت) بكەم".

بڕیارە دواتر شاندى دەمپارتى وەڵام و بۆچوونى لایەنەکان بباتەوە بۆ ئۆجەلان و لەسەر بنەماى وەڵامەکانیش ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە پەیامى نوێى دەبێت و هەنگاو بۆ دەستپێکردنى دانوستانى ئاشتى دەنێت.