پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی دیاریکرد بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تاوەکو بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا.
پەرلەمانتار دیلان غەفور بە پەرەگرافی وت "بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراوین بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، لەبەرئەوەی ناتوانرێت کۆمسیۆنێکی دیکەی هەڵبژاردن دروست بکرێت لەم چەند مانگەی لەبەردەممانەیە بەوپێیەی مانگی ١٠ یاخود ١١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت".
پەرلەمانی عێراق لە ٢٢-٥-٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ تا 7-1-2025 پەسەند کرد، ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن ئەوەبوو بتوانێت هەڵبژاردنی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.
لە ١٠-١٠-٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لە ٩-١-٢٠٢٢ خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەکاربوو، بەپێی دەستور ٤٥ ڕۆژ بەرلە تەواوبوونی ٤ ساڵی خولی پەرلەمانیی پێویستە هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، واتە ٤٥ ڕۆژ بەرلە ٩-١-٢٠٢٦ پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەم بکرێت.