داخستنى کۆمپانیایەکى بەرهەمهێنانى میدیایى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانییەوە نیگەرانیى لێ دەکەوێتەوە
پەرەگراف
كۆمپانیای (گزنگی بەرەبەیان) بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی لە سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە داخرا، بە پاساوی "بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بۆ ڕاگرتنی كارەكانی". ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكان نیگەرانن و كۆمپانیاكەش دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان هیچ بڕیارێكی دادوەریان بۆ داخستنی كۆمپانیاكە پێ نەبووە".
هێزێكی ئاسایشی سلێمانی ڕۆژی 31-12-2024 چوونەتە كۆمپانیاكە و دوای لێكردنەوەی تابلۆكەی، داوایان لێكردوون كارەكانیان ڕابگرن.
كۆمپانیای (گزنگی بەرەبەیان) بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی سنووردار، پشكی چەند كەسێكە و خاوەندارێتیی بەشێوەیەكی فەرمی بۆ هیچ هێزێكی سیاسی ناگەڕێتەوە. كۆمپانیاكە گرێبەستی كاركردنی لەگەڵ (ژن تیڤی) هەیە و بەرنامە پڕۆگرامی بۆ ئامادە دەكات.
نوێنەری كۆمپانیاكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوی كۆمپانیاكەی خوێندەوە و دەڵێت "ئاسایشی سلێمانی بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێكی دادوەری یان بڕیارێكی دادوەریان پێ بێت، كارەكانی كۆمپانیاكەیان ڕاگرت. پاش سێ ڕۆژیش، هێشتا لایەنی پەیوەندیدار و جێبەجێكار هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی هۆكاری داخستنی كۆمپانیاكەمان پێ نەداوین. تەنیا پێیان وتین: هەفتەی داهاتوو سەردانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بكەن".
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، دەڵێت "داخستنی هەندێ ناوەندی ڕێكخراوەیی و میدیایی، پەیوەندیی بە فشاری دەرەكییەوە هەیە، بڕیارەكە سیاسییە، بەڵام بەرگی یاسای لەبەر كراوە و ئێمە بە توندی سەركۆنەی دەكەین".
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەگەر بڕیاری داخستنەكە پەیوەندیی بەو بڕیارەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەبێت كە چەند پارتێكی سیاسی بە بیانووی نزیكییان لە پارتی كرێكارانەوە (پەكەكە) داخران، ئەوەش هەر ناڕەواەیە، چونكە ئەم كۆمپانیا و ناوەندانەی داخراون، كۆپانیای مۆڵەتپێدراون و دوورن لە كاری حزبی".