پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەرجەم كێشەكانی مووچە دەخاتەوە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ و پاش تێپەڕینی دوو ڕۆژ لە ساڵی نوێ، دابەشكردنی مووچەی مانگی ١١ـی ساڵی ڕابردوو مەرجدار دەكات بە هاتنی ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی ١٢ـی هەرێم بڕیارى خەرجکردنی داوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراویكدا دەڵێت "لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ مووچەى مانگى ١٢ و زیاتر لە ٤٤١ ملیار دینارە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ١١ دەكرێت".
هەروەها ڕایگەیاندووە "وەك وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێم، سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی 12، كە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە دابینی بكات".
دەقى ڕاگەیەندراوى وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان:
سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەركردنی لەهەر كێشە و گرفتێكی تر، هاوكات بوونی تەرخانكراوی پێویست لە خشتەكانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بۆ خەرجكردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا كۆتایی ساڵی (٢٠٢٤)، بەڵام حكومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەكانی خەلكی هەرێمی كوردستان دەكات و ئامادە نییە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بنێرێت.
١- كۆی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان لەهەردوو بڕگەی (تعويضات الموضفين) و (الرواتب التقاعدیە و الرعایە الاجتماعیە) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە (١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەك ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیكەی (١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نزیكەی دوانزە ترلیۆن دیناربووە و هەوڵمانداوە لە ڕێی ( المناقلە ) وە ئەو كورتهێنانە پڕ بكەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە بۆ تێكڕای ساڵەكە تەنها (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەد و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەدو هەشتا و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەدو پەنجاو هەشت هەزار و چوار سەدو هەشتا دینار خەرج كراوە ، بڕی (٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠) هەشتسەد و بیست و سێ ملیار و نۆ سەدو سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەدو حەفتاو شەش هەزارو حەوت سەدو بیست دینار لە تەرخانكراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوەو خەرج نەكراوە، حكومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكاتە قوربانی كێشەكانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانكراو و كەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەدات.
٢- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێك كەس و لایەن بەناشارەزایی قسەی لەسەر دەكەن و كردوویانە بەكەرەستەی مزایەدە ، لەمانگی ئایارەوە كە هەردوو بەڕێزان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە كەبڕەكەی (٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠) سێسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و شەست و هەشت ملیۆن و نۆسەد و شەست و یەك هەزار دینار بووە، تا ئەو كاتەی كورتهێنانی گەورە بۆ دابەشكردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست كراو بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ كرایەوە.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەكەم حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری نزیكەی (٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان كردووە كە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەك بڕیویەتی. ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەكاربردن بەكارهاتووە كە مانگانە زیاترە لە (١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و شەست ملیار دینار كە بۆ ساڵەكە دەكاتە نزیكەی دوو ترلیۆن دینار، (بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەك خزمەتگوزاری تەندروستی وپەروەردەو خوێندنی باڵاو كارەباو پاكردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێكتەرانەی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن).
ئەوە جگە لەخەرجی ئەو پرۆژانەی حكومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەكان ئەنجامی دەدات، كە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێكە حكومەتی فیدراڵی یەك دیناری بۆ پرۆژەكان نەناردووە.
لەمانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق لەهەرێم جێبەجێ كراوە و دادگای فیدراڵی عێراق حكومەتی فیدراڵی پابەند كردووە بەدابینی كردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاكردنی مووچەكانیان دروست بووە كە مانگانە نزیكەی (٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) شەست ملیار دینار تەموویلەكەی زیادی كردووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەك دیناری بۆ خەرج نەكردون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەكردوووە، ئەو تەموویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین كراوە، ئەوە سەرەڕای تەموویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژیەوە كران بە گرێبەست كە سەرجەمی مووچەكەیان لە داهاتی ناوخۆیەو مانگانە نزیكەی (٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) بیست ملیار دینارە.
٣-بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەم (١٠) وەك وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان داوای تەموویل كردنی بڕی (٩٩٩،١٢٤،٣٢٩،٠٠٠) نۆسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و بیست و چوار ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینارمان كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ تەنها (٧٦٠،٢٦٢،٠٠٠،٠٠٠) حەوتسەد و شەست ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیكەی (٢٣٩،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دووسەد و سی و نۆ ملیار دینار كورتهێنانی هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕ كراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی ڕاپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بەنزیكەی یەك ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ( ٦٣١،٣٣٥،٠٠٠،٠٠٠) شەشسەد و سی و یەك ملیار و سێ سەدو سی و پێنج ملیاری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیكەی یەك ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجكردنی تەنها (٤٤١،٤٩٣،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەد و چل و یەك ملیار و چوار سەدو نەوەدو سێ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها (١،٨٣٣،٠٩٠،٠٠٠،٠٠٠) یەك ترلیۆن و هەشت سەدو سی و سێ ملیارو نەوەد ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیكەی (١،١٦٧،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) یەك ترلیۆن و سەد و شەست و حەوت ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەكە بڕیوە.
لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی یانزە دەكرێت، وەك وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێم سورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، كە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە دابینی بكات.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا وەك وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و كێشە هونەریەكانی لیستی مووچەمان چارەسەر كردووە و تیمە تەكنیكیەكانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تا هیچ بیانوویەك بەدەست حكومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
لە دواین كۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت كە ڕۆژی ١٢/١٥ لە بەغداد بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا كە تەموویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بكات.
لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانكراوێكمان لە پشكی هەرێم لە یاسای بوودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە (المناقلە) ی پێ بكەین بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی (٤٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەد و سی ملیار بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵ بەڵام كێشەی نوێ بۆ جێبەجێكردنی دروست كرا.
لەلایەكی ترەوە بوونی مادەی (٦٠) لەیاسای بوودجەی عێراق دەسەڵات دەدات بەسەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانكراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیان و قووتی خەڵكەوە هەیە.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی تیمی تەكنیكی هاوبەشی هەردوولا كە ماوەی هەفتەیەك لەهەرێمی كوردستان بوون بەمەبەستی ڕێكخستنەوەی ڕاپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەكانی (یەك تا یانزە) دەركەوت سەرجەم ڕاپۆرتەكان هاوتای ئەو ڕاپۆرتانەن كە پێشتر مانگانە هەرێمی كوردستان ناردوویەتی. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان. ٢٠٢٥/١/٢