پەرەگراف
لە یەکەیەکى نیشتەجێبوونى سلێمانى ماڵێک سووتا و بەهۆیەوە دوو منداڵ کە خوشکن گیانیان لەدەست دا و برایەکى بچووتریشیان بریندار بووە.
ئاگرکەوتنەوەکە دەوروبەرى کاتژمێر ٣:٠٠ـى بەرەبەیانى ئەمڕۆ ڕووى داوە. دایکى منداڵەکان دەڵێت "لە ماوەى حەوت خولەکدا ماڵەکەمان سووتا".
هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە ئاگرەکە بەهۆى داگیرساندنى مۆمەوە کەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دایکى منداڵەکان دەشڵێت "زەنگى ئاگادارکردنەوە کارى کردووە، بەڵام سیستەمى ئاگرکوژێنەوە نەکەوتووەتە کار".
دوو خوشکى تەمەن شەش و نۆ ساڵ گیانیان لەدەست داوە، کە زیاتر بەهۆى دووکەڵى ئاگرەکەوە خنکاون، برایەکى بچوکتریشیان بریندار بووە.
خێزانەکە بە ڕەگەز عەرەبن و خەڵکى بەغدان، چەند ساڵێکە هاتوونەتە سڵێمانى و لە شوقەیەکدا لە یەکەى نیشتەجێبوونى چوارچراى نوێ نیشتەجێ بوون.