یەكێتی: لە ‏ 2025دا كۆشش بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی ‏دەكەین

31-12-2024 05:13

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی سەری ساڵی زایینییەوە، دەڵێت "لە ‏ساڵی 2025دا كۆشش بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز ‏دەكەین".‏

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەشڵێت "بەرەو حوكمڕانی و حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس ‏و پرۆسەیەكی سیاسیی كاراو دیموكرات و دەربەست".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:‏

ساڵی نوێ لە گەلەكەمان، لە كۆمەڵانی خەڵكی عیراق و جیهان پیرۆز بێت، ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی ، ‏ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت ‏لەسەروبەندی گۆڕانكاری ناوچەكە ، بە دیالۆگی سیاسیی و ئاشتی و دیموكراتی.‏

بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و ‏قەیرانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێكەڵكردنی بە دۆسێ سیاسییەكان. ‏

هەر بەو بۆنەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستكردنەوەی ‏رێڕەوی حوكمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ ئەزموونەكەمان، هەر وەك بەڵێنی بە ‏خەڵكەكەمان دابوو، دووپات دەكاتەوەو لە هەموو وێستگەكانی ساڵی ٢٠٢٥ یشدا كۆششی ڕەوای بۆ ‏دەكات، بەرەو حوكمڕانی و حكومەتێكی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پرۆسەیەكی سیاسیی كاراو ‏دیموكرات و دەربەست.‏

هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموكراتی وڵاتەكەمان و ساڵی ‏دابینكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكانی تری كورد بێت.‏

جارێكی تر پیرۆزە ‏
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان