پەرەگراف
لە پەیامێكدا بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە، مەسعود بارزانی ڕایدەگەیەنێت "دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات".
بارزانی جەختیش لەوە دەكاتەوە كە "پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لە ڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن".
سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا، سەرۆكی پارتی دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی كاریگەری لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت، لە هەمان كاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتنەوە بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن".
"ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت"، مەسعود بارزانی وا دەڵێت.