پەرەگراف
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) پشتیوانی بۆ پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلام ڕاگەیاند دەربارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد.
کەجەکە-چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم ڕێکخراوەکانی سەربە پەکەکەیە- لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "ئێمە وەک تەڤگەری گەل و ئازادی ڕایدەگەیەنین، کە پەیامەکەی ڕێبەرمان کە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ وەکو مانیفێست وایە، لە ساڵی نوێدا دەبێتە بنەمای خەباتی ئێمە، داوا لە گەلەکەمان، هەموو دۆستان، هەموو پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان دەکەین کە پاڵپشتی چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکەن لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بکەن".
کەجەکە دەشڵێت "بەو بیر و باوەڕیەی کە لە ساڵی نوێدا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، کێشەی کورد چارەسەر دەبێت، تورکیا و ناوچەکە دیموکراسی دەبن و ئاشتی و سەقامگیری بەسەر ناوچەکەمان و هەموو جیهاندا زاڵ دەبێت، پیرۆزبای ساڵی نوێی سەرەتا لە ڕێبەر ئاپۆ، هەموو هاوڕێ، ژن و ڕەنجدەرانکە بۆ ئازادی تێدەکۆشن پیرۆزدەکەین".
کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا باس لەو ٧ خاڵە دەکات کە شاندی دەم پارتی وەک پەیامی ئۆجەلان بڵاویانکردەوە دوای کۆبوونەوەکەیان لە ٢٨ی ئەم مانگەدا، کەجەکە دەڵێت "بە باوەڕی و ئیرادەیەکی زۆرەوە نیشانی دا کە ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە هەموو جیهاندا ئەرکێکی بەپەلەیە، بۆگەل، تەڤگەر، ڕەنجدەر، ژنان و هەموو باوەڕ و کولتوورەکان ئاسۆیەکی نوێی ئازادییە، هیوا و باوەڕی بنیات نا، ڕێبەرایەتیمان لە حەوت خاڵدا بۆچوونەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان دیاری کردووە، ئەمەش وامان لێدەکات وەک بزووتنەوە و گەلێک بە ئومێدێکی زیاترەوە لە ساڵی نوێ نزیک ببینەوە و ئەو ئەرکانەی دیاری کردووە کە دەبێت بۆ ئێمە جێبەجێ بکرێن".
پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی کە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد لە پەیامێکدا دوێنێ ڕایگەیاند: بەهۆی هەستیاری پڕۆسەی ئاشتیی ئەمجارەوە تاوەکو پڕۆسەکە بەرهەمێکی بەرچاوی نەبێت، ناتوانین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساز بکەین بۆ پێدانی زانیاری.
بوڵدان لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وتیشی "ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە هەندێک شت لە خەڵکی دەشارینەوە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ ڕێزگرتن لەو دانووستانانەی کە لە ئێستادا ئەنجامی دەدەین. ئەگەر بتوانین بە یەک ڕستە گوزارشت لە واقیعەکە بکەین دەتوانین بڵێین کە بە بەراورد بە پڕۆسەکانی ئاشتی لە پێشوودا، ئەم جارە زۆر هیواردارترین".
شاندی دەمپارتی لە ٢٩-١٢-٢٠٢٤ ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەکەکە ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاندووە، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".
ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".
بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".
"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.
شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و ئۆجەلان دەڵێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز (بۆ ئاشت) بكەم".
دەقی ڕاگەیەندراوی شاندی دەمپارتی:
بۆ ڕاگەیاندن و ڕایگشتی:
لە 28ـیی كانوونی یەكەمی 2024ـدا، دانیشتنێكی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەكانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشەی كورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەكەدا كە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توركیا كرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریكەكان كە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆكەكان و ڕوانگەكانی بەم شێوەیەن:
- بەهێزكردنەوەی برایەتی تورك-كورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
- بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاكاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی كاتی و تەسك. بێگومان یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت.
- ڕووداوەكانی غەززە و سووریا دەریان خستووە كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە دوابخرێت كە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت. بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی كارێك كە گرنگییەكەی هاوشێوەی مەترسییەكەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن.
- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان باس دەكات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بكەم.
- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوكات رێبەرێكی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە.
29ـی كانوونی یەكەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر