پەرەگراف
پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی کە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد لە پەیامێکدا دەڵێت: بەهۆی هەستیاری پڕۆسەی ئاشتیی ئەمجارەوە تاوەکو پڕۆسەکە بەرهەمێکی بەرچاوی نەبێت، ناتوانین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساز بکەین بۆ پێدانی زانیاری.
بوڵدان لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەشڵێت "ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت کە هەندێک شت لە خەڵکی دەشارینەوە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ ڕێزگرتن لەو دانووستانانەی کە لە ئێستادا ئەنجامی دەدەین. ئەگەر بتوانین بە یەک ڕستە گوزارشت لە واقیعەکە بکەین دەتوانین بڵێین کە بە بەراورد بە پڕۆسەکانی ئاشتی لە پێشوودا، ئەم جارە زۆر هیواردارترین".
شاندی دەمپارتی دوێنێ ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەکەکە ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاندووە، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".
ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".
بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".
"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.
شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و ئۆجەلان دەڵێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز (بۆ ئاشت) بكەم".
دەقی ڕاگەیەندراوی شاندی دەمپارتی:
بۆ ڕاگەیاندن و ڕایگشتی:
لە 28ـیی كانوونی یەكەمی 2024ـدا، دانیشتنێكی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەكانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشەی كورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەكەدا كە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توركیا كرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریكەكان كە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆكەكان و ڕوانگەكانی بەم شێوەیەن:
- بەهێزكردنەوەی برایەتی تورك-كورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
- بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاكاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی كاتی و تەسك. بێگومان یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت.
- ڕووداوەكانی غەززە و سووریا دەریان خستووە كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە دوابخرێت كە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت. بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی كارێك كە گرنگییەكەی هاوشێوەی مەترسییەكەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن.
- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان باس دەكات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بكەم.
- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوكات رێبەرێكی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە.
29ـی كانوونی یەكەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر