پەرەگراف
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی رابردوو بڕیاردرا كە ئەمڕۆ تەواوکاریی مووچەی مانگی 11 و پاشان موچەی مانگی 12 ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی لەسەرهێڵن بۆئەو مەبەستە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، بەهۆی كێشەی نەختینەوە تا ئێستا پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانیش موچەیان وەرنەگرتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق دوێنێ ڕەتیکردەوە کێشە لە دابەشکردنی مووچەدا هەبێت بەهۆی کەمیی نەختینە و ڕایگەیاند کە ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە "بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە".
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە پابەندن بە دابینکردنی پارەی مووچە.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەکرد، بەڵام چەند ڕۆژێکە میدیای نزیک لە پارتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نەناردنی مووچەی هەرێم پەیوەندیی بە کێشەی کەمیی نەختینەوە هەیە.