پەیامى نوێ لە ئۆجەلانەوە بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى

29-12-2024 10:56

پەرەگراف

شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجـ.ـەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پە.كە.كە ئاشكرا دەكات. ئۆجـ.ـەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاندووە، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".

ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".

بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".

"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.

شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلان دەگەیەنێتە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و ئۆجەلان دەڵێت "لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز (بۆ ئاشت) بكەم".

دەقی ڕاگەیەندراوی شاندی دەمپارتی:

بۆ ڕاگەیاندن و ڕایگشتی:

لە 28ـیی كانوونی یەكەمی 2024ـدا، دانیشتنێكی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەكانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشەی كورد، زۆر گرنگ بوون.

لە دانیشتنەكەدا كە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توركیا كرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریكەكان كە دەسەپێنرێن.

چوارچێوەی گشتیی بیرۆكەكان و ڕوانگەكانی بەم شێوەیەن:

- بەهێزكردنەوەی برایەتی تورك-كورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.

- بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاكاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی كاتی و تەسك. بێگومان یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت.

- ڕووداوەكانی غەززە و سووریا دەریان خستووە كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە دوابخرێت كە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت. بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی كارێك كە گرنگییەكەی هاوشێوەی مەترسییەكەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.

- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن.

- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان باس دەكات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بكەم.

- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوكات رێبەرێكی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانكاری دیموكراتی.

سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە.

29ـی كانوونی یەكەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر