موسەننا ئەمین: ئێمە دڵنیاین حکومەتى هەرێم پارەى هەیە و دەبێت مووچە بدات

28-12-2024 04:06

پەرەگراف

دەربارەى مووچەى مانگەکانى ١١ و ١٢، ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت "ئێمە دڵنیاین حکومەتى هەرێم پارەى هەیە و دەبێت مووچە بدات". موسەننا ئەمین دەشپرسێت "داهاتەکانى حکومەتى هەرێم لەکوێیە؟ داهاتى سەدان هەزار تانکەر نەوت، داهاتى سنوورەکان و کارەبا و هاتووچۆ و ئەوانى دیکە لەکوێن؟".

موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە میدیاکان، سەبارەت بە کێشەى مووچە لەگەڵ ئەوەى جەختى کردەوە کە "دەبێت حکومەتى فیدراڵى مووچەى مووچەخۆران بدات و هەر داهاتێکى فیدراڵى لە هەرێم هەیە، بەدەستى بهێنێت. خەڵکى کوردستان لەسەر هەڵسوکەوتى حکومەتى هەرێم سزا نەدات"، بەڵام وتیشى "بەرپرسیارێتیى یەکەمى مووچە لەسەر حکومەتى هەرێمە".

"دابینکردنى مووچە، سادەترین ماناى حوکمڕانییە. ئەگەر تۆ نەتوانیت مووچە بدەیت، هیچ مانایەک بۆ حکومەت و حوکمڕانى نامێنێتەوە. ناکرێت تۆ خۆت ناوبنێیت حکومەت و مووچە نەدەیت، ئەى چیت بۆ دەمێنێتەوە لە حوکمڕانى؟"، موسەننا ئەمین وا دەڵێت.

هەروەها وتیشى "ئەگەر حومەتى فیدراڵى جارێک تاوانبار بێت، حکومەتى هەرێم ١٠ جار تاوانبارە".